هاونیشتمانیانی هێژا!
ئەم ساتەوەختە هەستیارە و ئەو سەردەمە تایبەتییە مێژوویییە کە هەڵگڕی سەدان پەیام و ئاماژەی ڕوونی گۆڕانکارییانەیە لە ئاستی نەخشەی سیاسیی و پەیوەندیی ژیئۆپۆلتیکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بێ هیچ شک و گومانێک کارتێکەری بنەڕەتی و ڕاستەوخۆی هەیە بە پێگەی داهاتووی سیاسیی کوردستان و هەر بەم پێیەش کوردستانیان لە هەر چوارپارچەی کوردستان و لە دیاسپۆڕادا خۆیان لە بەرانبەر کۆمەڵێک پرسیاری چارەنووسسازدا دەبیننەوە. یەک لە دەرهاویشتە ئەرێنییەکانی ئەم دۆخە مێژوویییە، بێ گومان بەرزبوونەوەی هەرچی زیاتری هاوار و بانگەوازی یەکگرتنە کە لە مێدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ئاراستەی هێزە کوردییەکان دەکریت. بەڵام بە داخەوە، ئەوەی کە لەم قۆناغە مێژوویییە تایبەتییەدا کەمتر دەخرێتە بەر باس، ئەم ئاڵۆزییە گوتارییەیە کە ئێمەی کورد لەو ساتەوەختە هەستیارەدا ئەزموونی دەکەین. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە لە سەر ئەساسی چ ستڕاتێژییەکی نیشتیمانی و لە بەستێنی کام گوتاری نەتەوەیی لە دەوری یەک کۆ ببینەوە هەتا بتوانین ئازاری سەدساڵەی وێرانکاری لە سەر خۆمان تێپەڕ بکەین و لەم وەرچەرخانەدا خۆمان بکەین بە بکەر و و سۆبژەی مێژوو و پێگەیەکی سیاسی و هوویەتی شایستە بۆ کوردستان دەستەبەر بکەین. هەر بۆیەش من ئەم بانگەوازەم واژۆ کردوە هەتا ببم بە دەنگێک لە پێناو یەکگرتوویی گوتاری کە بە بۆچوونی منی کوردستانی دوو تایبەتمەندی چارەنووسساز لە خۆ دەگرێت.
یەکەم: دەبێت قەبووڵی بکەم کە کوردستان نیشتیمانێکی کۆلۆنیزەکراوە
لە ڕوانگەی منی کوردستانییەوە کە ئەم بانگەوازە واژۆ دەکەم،کوردستان بە گشتی (هاوکات بەلەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی هەر پارچەیەک) وەکوو قەوارەیەکی سیاسی/جوگرافیایی لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسی و حقووقیی ئێستایی وڵاتانی سەردەست وداگیرکەری وەکوو ئێران، ئێڕاق، سووریا و تورکیا دا لەڕووی مێژوویی، سیاسی، ئابووری، کولتووری و زمانییەوە بە شێوەی موستەعمەرە یان کۆلۆنی بەڕێوە دەچێت. لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە کۆلۆنیالیستییانەدا، منی کوردستانی بۆم نییە کە لە حەوزە گشتییەکانی شار و گوندەکانمدا تەعبیر لە ویست و مافە بنەڕەتییەکانی خۆم بە شێوەیەکی دامەزراوەیی/موئەسەسەیی و حقووقی بکەم. بۆ نموونە لە ئێراق، سەرەڕای مافی ڕوونی دەستووری بۆ منی کورد، دەوڵەتی ناوەندیی کۆڵۆنیالیستی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سالانی ڕابردوودا بە ئامانجی زەوتکردنی زیاتری مافە دەستورییەکانی من کە لە پێگەی هەرێمی کوردستاندا ڕەنگ دەداتەوە، بە بەردەوامی لە دەزگا و دامەزراوەیی سەرکوتکەر و حقووقییەکانی خۆی کەڵکی وەرگرتوە و رۆژ لە گەڵ رۆژ پاشەکشەی زیاتری بە من کردوە. لە سووریا، سەرەڕای زیاتر لە نیو سەدە داسەپاندنی پڕاتیکی کۆڵۆنیالیستی، دیسانیش بە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئاسۆی چارەسەری بۆ منی کورد ڵێڵ و ناڕوونە. لە ئێران و تورکیاش، منی کورد لە باشترین حاڵەتدا تەنیا مافی ئەوەم هەیە کە لە حەوزەی تایبەتدا وەک بوونەوەرێکی فۆلکلۆریک هەبوونم هەبێ، هەرچەند جاری وایە ئەو هەبوونە فۆلکلۆرییەکەش دەکەوێتە بەر هێرش و زەبر و زەنگی دەوڵەتی کۆڵۆنیال. شایانی باسە لە تەنیشت زەبروزەنگی ڕۆژانە کە دەوڵەتە کؤڵۆنیالیستەکان بە ڕێگای کەرەستەی ڕەق و لەناوبردنی جەستەیی مرۆڤی کورد بەڕێوەی دەبەن، مەکینەی گؤڕینی دیمۆگرافی و ئاسیمیلاسیۆن و شەڕی نەرمی دەوڵەتانی دەستەڵاتداریش لە بەرانبەر منی کوردستانی بە بەردەوامی خەریکی بەرەوپێشبردنی سیاسەتی زمانکوژی و کولتوورکوژی بووە. هەر بۆیەش، من بە ڕیگای ئەم واژۆیە دەڵێم کە کوردستان هەم نەتەوەیە، هەم مێژوو، هەم ناسنامە، هەم خاک و هەم نیشتمان کە لە لایان چوار دەوڵەتی سەردەستەوە کۆڵۆنیزە کراوە.
دووهەم: دەبێت لێم ڕوون بێت کە سەروەریی سیاسیی و نیشتیمانی تەنیا ڕێگای ڕزگارییە
منی کوردستانی گەلێک جاران لە خۆم دەپرسم کە بۆچی و بە چ هۆکارگەلێک لە دوای چەندین دەیە خەبات و خۆڕاگریی بەردەوام، فیداکردنی گیانی هەزاران ڕۆڵەی نیشتمان، ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی، دەیان بزووتنەوەی گشتی و جەماوەری لە ئاستی بەرزی نەتەوەیی و هەروەها لەخۆبوردوویی و چالاکی بێوچانی هەزاران تێکۆشەری سیاسی و مەدەنی، هەتا ئێستاش منی کورد نەمتوانیوە کەمترین مافی سیاسی، مەدەنی و کولتووری بۆ خۆم دەستەبەر بکەم و دەبێت بە بەردەوامی لەو بازنە داخراوە مێژوویییەدا بە سەرگەردانی بە دەوری خۆمدا بخولێمەوە. منی کوردستانی گەلێک جاران لە خۆم دەپرسم باشە چارە چییە و من بۆ ئەوەی بتوانم خۆم لە دۆخی کۆڵۆنیال ڕزگار بکەم و ئازاد بژیم دەبێت چی بکەم و چۆن بیر بکەمەوە. من بە ڕیگای ئەو واژۆیە، ڕووی هاوارم لە هاونیشتیمانیانم دەکەم و بە زمانێکی ساکار و لە دەرەوەی هەر موناقشەیەکی ڕووناکبیری و ئاکادیمیک دەڵیم کە ستوونی ناوەندیی گوتاری ڕزگاریی نیشتیمانی بۆ من دەستەبەربەرکردنی سەروەری سیاسییە. ئەم سەروەرییە سیاسییە/نیشتیمانییە کە بە پرۆسەیەکی دژواری بێگەڕانەوەدا تێپەڕ دەکات، تەنیا بە دامەزراندنی دەوڵەتێ کوردستانی کۆتایی دێت.